5/30/2024 11:23:00 PM

گورزێکی دیكه‌ به‌ر ئابوری جیهانی ده‌كه‌وێت

قەرزی جیهانی بۆ 315 ترلیۆن دۆلار بەرزبوەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە چین‌و هیندستان بەردەوامن لەزیادەڕۆییکردن لەقەرزکردندا سەرەڕای ئەو مەترسیانەی کە بەهۆی گرژییە جیۆپۆلیتیکییەکان‌و بەرزبونەوەی ڕێژەی سودەوە دروستدەبن.

پەیمانگه‌ی دارایی نێودەوڵەتیی (IIF) هۆشداریدەدات لەوەی هەوڵەکانی دوای پەتای کۆرۆنا بۆ کەمکردنەوەی قەرزەکان گەیشتوەتە کۆتایی، بەهۆی کەمکردنەوەی باج‌و زیادکردنی خەرجییەکانی حکومەتەکان، ئەویش بەهۆی ئەوەی لەمساڵدا ژمارەیەکی پێوانەیی هەڵبژاردن ئەنجامدراون.

ئاماژەی بەوەشکردوە، زیادبونەکە "بەشێوەیەکی سەرەکی بەهۆی بازاڕە تازەپێگەیشتوەکانەوە بوە"، کە قەرزەکان بەرزبونەتەوە بۆ "ئاستێکی بێوێنە کە زیاتر لە 105 ترلیۆن دۆلارە، ئەمەش بەراورد بە10 ساڵ لەمەوبەر 55 ترلیۆن دۆلار زیاترە، چین‌و هیندستان‌و مەکسیک تائێستا لەمساڵدا گەورەترین زیادبونیان بەخۆوە بینیوە".

هەروەها سندوقی دراوی نێودەوڵەتی هۆشداریداوە لەوەی، کۆی قەرزەکانی هیندستان تا کۆتایی ئەم دەیە، لەقەبارەی ئابوری وڵاتەکەی تێپەڕێنێت، چونکە ساڵانە ملیارەها دۆلار بۆ ڕوبەڕوبونەوەی کارەساتە سروشتییەکان خەرجدەکات.

کۆی گشتیی قەرزە جیهانییەکان بەبڕی 1.3 ترلیۆن دۆلار بەرزبوەتەوەو گەیشتوەتە بەرزترین ئاستی نوێ کە 315 ترلیۆن دۆلارە لەسێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا.

مانگی ڕابردوش سندوقی دراوی نێودەوڵەتی داوای لەحکومەتەکانی جیهان کرد کە بەرەنگاری ئەو بیرۆکەیە ببنەوە کە بەئومێدی بەدەستهێنانی دەنگی دەنگدەران لەهەڵبژاردنەکاندا، باج کەمبکەنەوە یان خەرجییەکان زیادبکەن.

ئاماژەی بەوەشکردوە، "هەرچەندە ئاسۆی ئابوری جیهانی لەنزیک مەودادا تاڕادەیەک گەشبینانەیە، ئەمەش هۆکارێکی ئەرێنییە بۆ داینامیکی قەرزەکان، بەڵام هەڵاوسانی سەرسەختانە، بەتایبەتی لەئەمریکا، وەک مەترسییەکی گەورە دەمێنێتەوە، ئەمەش فشارێکی بەرزبونەوەی لەسەر تێچوی دارایی جیهانیی دروستکردوە".



أكثر

© 2023 Kowarga Company. All rights reserved.